فارسی | کوردی


پۆلیتیا ناوێکە لە نێوان دوو جەمسەر و لە نێوان پەیوەندیە بە یاساوڕێساکراوەکانی ناو کۆمەڵگا مرۆییەکان و خەبات لە پێناو وەدەستهێنانی هێز لە دۆخی شەڕی هەمووان لەگەڵ یەک لەهاتوچووندایە. بەڵام دەسپێکی پۆلیتیا لە خاڵێکی نێوان مەودای نێوان ئەم دوو جەمسەرەدایە و بێ لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی قازانج و زیان، دڵەڕواکێی باسکردنی چۆنیەتی دابەشکردنی چاکە گشتیەکان و هاوسەنگ ڕاگرتنی بەشی هاووڵاتیانی لە مژارە گشتیەکاندا لەبەرچاوگرتوە. دەسپێکێکی ئاوا، گەیشتن بە ئەولەهی، دادپەروەری، مافەکانی مرۆڤ، لێبوردەیی و پێشکەوتن وەک ڕوبەڕوبونەوە لەگەل غیابی ئەمانە، وەک بەشێک لە چاکەی سیاسی دەنرخێنێ. بەڵام دەسنیشانکردنی ئەم دەسپێکە ئاماژەیەکە بۆ دوو چەمکی بەدیهێنەری تیۆر لەناو سیاسەت؛ واتە غیابی سیاسەت و قەیران کە خۆی لەناو چەمکی داڕمانی سیاسەتدا دەدۆزێتەوە. غیابی سیاسەت لەم ناوەدا ئاماژە بۆ مرۆڤێکە تەنیا لە ڕێگای سیاسەتەوە دەتوانێ خاوەنی مافی دادپەروەرانە بێ؛ بەڵام لە بەستێنی واقیعدا سیاسەت توشی داڕمان بووە و ماف خۆشی لە غیابدایە. نەبوونی ماف و داڕمانی سیاسەت دەبێتە هۆکاری قەیرانێک و ئەمەش خۆی لە زۆر سیمای جیاوازی وەک گەندەڵی سیاسی، هەرەسهێنانی ئەخلاق تاکوو کێشەی شوناس، قەیرانی دەسەڵات و شەرعیەت نیشان ئەدا. لەم خاڵەدایە پۆلیتیا وەک ناوێکی‌تر، واتە نۆرین و ڕوانین لە سیاسەت لە دایک دەبێ؛ لەم ڕوانگەیەوە پۆلیتیا ڕوانینێکە بۆ سیاسەت، نەک لە جێگەوپێگەی ڕۆیشتن لە بوونەکان بەرەو دەبێ-یەکان، بەڵکوو لە جێگەوپێگەی گۆڕانی حەقیقەتە تیۆریەکان بۆ ئامرازی کردەیی؛ تاکوو بەرەی داهاتوو نەڵێن ئێمە ئەوەندە بە بێدەنگی لەپەنای نەبوون و قەیرانەکان تێپەڕ بووین کە گوایە ئەم سەردەمە خەونێک زیاتر نەبووە.